Newroz / نەورۆز
نەورۆز یانی نوێبوونەوە، یانی رۆژبوونەوە، یانی لە دایکبوونەوە یانی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی، هەڵاتنی خۆر و کۆتایی شەو. چەند دادپەروەرە سروشت، چەند بەرز و پر مانایە قانوونی سروشت، چەند جوانە سروشت. رێک ١٥بەهار و ١٥ نەورۆزە دوور لە زێد و خاک و نیشتمان هەموو ساڵێ پر هیوا و پر وورە و پر وزە لە دڵ و هزرەوە نەورۆز چێژن دەگرین.
هاوکات بەڵام لە ناخی پر لە پرسیارەوە دەنگێ، هاوارێ راتدەچڵەکێنێ گەروت دەگۆشێ. ١٥ ساڵ یانی تەمەنێ، بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا نییە، ١٥، ١٦، ١٧، ٢٠، ٢٥، ...٤٠، ٤٥ و ٥٠ هتد. کێ خۆی لە کام یەک لەم ژمارانەدا دەبێنێ؟ ئەسپی مێژوو گەن چەقیووە، کێ خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ؟
چەن رۆژ لەمەوبەر بابەتێکم لە ئادۆرنۆ دەخوێندەوە، لە سەرەتای تێکستەکەدا کورتەیەک لە ژیانی ئادۆرنۆش نووسرابوو. ١٩٣٤ کۆچ دەکات بۆ لەندەن و پاشان بۆ نیۆیۆرک. پاش ١٥ ساڵ ژیان لە تاراوگە، ساڵی ١٩٤٩ دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵمان. کاتێ گەیشتمە کۆتایی ئەم ڕستەیە، دەنگێ، هاوارێ رایچڵەکاندم، گەڕانەوە؟ لەبەر خۆمەوە وتم چەن خۆش و چەند جوان، پاش ئەم هەموو ساڵە دووری و تاراوگە، رۆژێ گەڕاوەتەو بۆ خۆی، بۆ زێد و خاکی.
لەبەر خۆمەوە وتم ریشە چەند تینووی خاکە، وتم و وتم.. ئەی ئێمە؟ ئەی ئەوانەی ژمارەی نەگەرانەوەیان دوو دەیە و سێ دەیە و چوار دەیەی تێپەڕاندووە و هێشتا هیچ تروسکاییەک و ئاسۆیەک نابینن بۆ گەڕانەوە، بۆ؟ بۆ؟ بۆ؟
بەڵام کوا دەبێ لە نەورۆز و لەم رۆژەدا دڵی بەکۆڵی پر لە هیوا و ئاوات وەها گرژ و مۆن و دژ بێ لەگەڵ خۆی؟ باش دەزانم ئەم ڕامان و تێفکرین و پرسیارانە لەم سەرەتای نوێبوونەوەدا ژیلەمۆن، کە قەقنەس ئاسا گڕ دەگرێ و لە خۆیدا زیندوو دەبێتەوە.
نەورۆزتان/مان گەش و پر مانا و پر شیعر و شەراو و فەلسەفە و ماچ و خۆشەویستی!